لێره‌دایت : په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تا » زانستی ئای تی » ڕاپۆرتەکان » (GPS) جی پی ئێس چیە ؟ بۆچی بەكاردێت ؟
(GPS) جی پی ئێس چیە ؟ بۆچی بەكاردێت ؟
نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح   
دوو شەممە ، 12 / 01 / 2015 01:13
 

یەكێك لەو خزمەتگوزاریانەی كەئێستا لای زۆربەمان نوێیەو بەشێوەیەكی بڵاو پاش گەشەكردنی سمارت فۆنەكان دەكەوێتە بەرچاومان تەكنەلۆژیایی (GPS) كە لە ڕاستیدا بارێكی گرانی لەسەر مرۆڤایەتی سوك كرد و بووە فریاد ڕەسێك لەجیهانی تەكنەلۆژیای نوێدا جوگرافیای زەوی بە تەواوی پێ ناساندین و بووە هاوڕێ و هاودەمێكی نوێ بۆمان و بەجۆرێك توانرا لە ڕێگای ئەم تەكنەلۆژیاوە جیگای خۆمان لەهەر شوێنێكدا بین لەسەر زەویدا بدۆزینەوە .

جی پی ئێس تەكنەلۆژیایەكی ئێجگار بەتوانایە و بیرۆكەی كارەكە بۆ ڕێ نیشاندان و چاوساغی كردنی مرۆڤە لە پێ هەڵگرتنیدا كاتێك دەیەوێت لە شوێنێك بچێتە شوێنێكی تر سەرباری كارئاسانی كردن لە بواری شوێن پی هەڵگرتن و دۆزینەوەی هەر ڕوبەرێكی جوگرافی كە مەبەستمان بێت لە هەر شوێنێكی ئەم زەویەدا كە لەهەندێك ئامێری پێشكەوتوی جی پی ئێسدا یەكەی پێوانە تێیدا لە یەك (سم) وە دەست پێدەكات واتا توانای شوێن نیشان دان بەشێوازێكی ئێجگار وردە بەتایبەتی ئامێرە سەربازیەکان کەلەسەر فریکوقێنسی تایبەت کاردەکات و لەهەندێ جۆری تریاندا ئەم پێوانەیە مەترێكە لە هەندێكی جۆری تریاندا چوار مەترە ، لە ئێستادا بەتەواوی لە ئامێرە گەڕۆكەكانی وەك ئۆتۆمبیل و فرۆكەو هۆكارەكانی تری گواستنەوەدا جیگیر دەكرێت بە مەبەستی دەست نیشانكردنی وردترین ئاراستەی ڕێگایە .

سەرەتای بنیات نانی ئەم تەكنەلۆژیایە بەمەبەستی سەربازی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە لایەن سوپای بەریتانیاوە دروست لە ساڵی (1940) بە پشت بەستن بەشەپۆلی ڕادیۆیی لە ناو دەریادا كە ڕوبەرەكەی قۆقزیەو نەدەكرا شوینی دوژمن دیاری بكرێت بەكارهێنراوە لە هەندێك باردا كاركردن لەسەر شوێن دیاریكردنی ژێر ئاوگەڕ بوو ئەم كارەش تەنها لە ڕوبەڕێكی دیاریكراودا بەئەنجام دەگەیەنرا و هەر لە زەویەوە شەپۆلەكان دەنێرراو وەردەگیرایەوە ، بەڵام لە ئێستادا تەكنیكی جی پی ئێس بە دوو شێوە سودی لێوەر دەگیرێت كە یەكەمیان بۆ مەبەستی شوێن دیاریكردن لە ئامێرە دەستیەكانەوە بەمەبەستی خزمەتگوزاریەكی گشتی بۆ هەموو كەس دابینكراوە ، دووەمیش مەبەستێكی سەربازیەو لە لایەن ئەمریكاوە بە تەرەدودێكی جیاواز كار لەسەر شوێن زانین دەكات و تەنها لای سوپای ئەمریكا ئەم خزمەتگوزرایە بەردەستە .

(GPS) كورتكراوەی هەرسێ ووشەی (Global Positioning System) لە ئێستادا خاوەندارێتی ئەم پرۆژەیە ئەمریكایە چونكە زانای گەورەی فیزیایی (Friedwardt Winterberg) كە بەڕەگەز ئەڵمانیە پێشنیاری خستنە گەڕی كارەكەی لە ئەمریكادا كردوە و مێژوی بیرۆكەكەش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1956 بەهۆی شەپۆلی مایكرۆ وەیڤەوە (Microwave) بە لەرەلەرێكی بەرز بناغەی كارەكەی داڕێژراوە ، بۆ جێ بەجێكردنی ئەم پرۆژەیە وا پێویست دەكرا لە ئاسمانەوە چاودێری ڕوبەرێك لە جوگرافیای زەوی بكرێت هەتا بتوانرێت زانیاری دەربارەی ئەو ڕوبەرە كۆبكرێتەوە ئەم كارەش ئەگەر بەهەمیشەیی بێت كەوایە پێویست بوو مانگی دەستكرد كارەكەی بگەیەنێت بە ئەنجام .

لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە شوین پێ هەڵگرتن و چاودێریكردنی لە سیستەمەكەدا پێویست بە بوونی مانگی دەستكرد هەیە بێگومان هەتا ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكان ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی سەربازی بوو تەنها بە دوو مانگی دەستكرد كار لەسەر شوێن زانین كراوە لەم تەكنیكەدا ، بەڵام لە دوای ئەم ڕێكەوتەوە كەوتە بواری خزمەتی تاكەكانی كۆمەڵگاوە بەتایبەتی كاتێك توانرا تۆرێكی جیهانی لە مانگی دەستكرد بنیات بنێن ، سوود وەرگرتن لەم تەكنیكە لە ڕاستیدا پێویست بە ئامیرێك دەكات كە ئەو لەرەلەرە بدۆزیتەوە كە مانگە دەستكردەكەی لەسەر جێگیركراوە هەربۆیە ناكرێت بێ بوونی ئامیرێكی تایبەت ئەم خزمەتگوزاریە بەكاربهێنرێت ، لە ئێستادا ئامێرەكان جۆراو جۆرن و تەنانەت هەندێك ئامێر هێندە ڕوبەرەكەی بچوك بوەتەوە كە لە رێگای دەستیەوە دەست نیشانی ڕوبەرەكان دەكرێت و بە ئاسانی مامەڵەشی لەگەڵدا دەكرێت دیارە من مەبەستم ئامێرە ئاساییەكانە نەك سەربازیەكان .

ڕوبەری كاری جی پی ئیس :

تەكنیكی كارەكەی جی پی ئێس لە ئێستادا گشتگیرە بە واتایەكی تر هەموو ڕوبەری زەوی پێكەوە بەستوەتەوە چونكە لە ساڵی 1990 وە هەتا ساڵی 2007 توانرا بیست و چوار مانگی ئاسمانی لە خولگەی جیاواز و بە ئاراستەی جیاواز لە دەوری زەوی جێگیر بكەن بەمەبەستی خستنەگەڕی لە هەردوو بوارەكەدا كە پێشتر ئاماژەم پێدا ئەم مانگە دەستكرانەش لە سەر دوو فریكوێنسی جیاواز كار دەكەن و خۆشیان پێكەوە گرێ دراون لەسەر هەمان فریكوێنسی ، جی پی ئێس بەهۆی (24) سەتەلایتەوە فەراهم كراوە كە بەردەوام سێ گۆشەیەك بۆ ڕوبەرێك دروست دەكەن ئەم كارەش بە واتای ئەوە دێت كە كار لەسەر پۆینتێكی سێ خاڵی دەكات هەتا بتوانرێت بە وردی لە سێ گۆشەی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕوبەرەدا بكات كە دەتەویت دەست نیشانی بكەیت ، ئامیری بەكاربردنی جی پی ئێس پشت بە هیج هێڵێكی ئۆنلاین هاوشێوە (GPRS) نابەستێت و بەهەمیشەیی لە كاردایە بە هیچ جۆرێك گۆڕانی كەش و هەوا یان هەر تێكچونێك لە لە سروشتی زەویدا كار ناكاتە سەر كارەكەی ، بەتایبەتی شەو ڕۆژ و هاتنی بەدوای یەكدا هیچ مانایەكی نیە لە جی پی ئێسدا و هیچ كاریگەریەكی نیە .

وەك پێشتر باسم كرد كاری ئەم تەكنیكە لە لەرەلەرێكی دیاریكراودایە و هەموو سەتەلایتەكان لەسەر ئەو لەرەلەرە كار دەكەن و چ وەرگرتن و چ ناردن هیچ گۆڕانكاریەك نیە لە لەرەلەری نێوان سەتەلایتەكاندا ، بێگومان بەشێوەیەكی بەرچاو لەرە لەرەكە ئێجگار بەرزە هەتا هیچ لە دەست دانێك ڕونەدات لە كاتی ناردن و وەرگرتنی داتاكاندا و سەرباری دوری نێوان مانگە دەستكردەكان كە بۆ ئەوەی بە مسۆگەری داتاكان بگات پشت بەو فریكوێنسیە بەرزە دەبەستن .

چۆن سوود لە خزمەتگوزاری (GPS) وەردەگیرێت ؟

پێش هەموو شتێك دەبێت ئێمە ئەوە بزانین كە خزمەتگوزاریەكە بێ بەرانبەرە تەنها بەهۆی بوونی ئامێرێكەوە دەتوانین دەستمان بە خزمەتگوزاریەكە بگات ، ئەگەر باسی جۆری ئامیرەكان بكەم ئەوا كاتێكی زۆرمان دەوێت بەڵام ئەوەی ئێستا زۆر لە پێش چاوماندایە سمارت فۆنەكانە كە خۆی لە بنەڕەتدا نەخشەیەكی تێدا جێگیركراوەو بە خستنە كاری خزمەتگوزاریەكە جێگات لەسەر نەخشەكە بە دیار دەخات ، لەڕاستیدا بۆ ئەوەی بتوانرێت لە سمارت فۆنەكانەوە بە تەواوی ئەم خزمەتگوزاریە بەكاربهێنرێت وا پێویست دەكات بەرنامە بەكاربهێنرێت كە بە هەمیشەیی نوێ دەكرێنەوەو ڕوداو و شوێنە گرنگەكان و ڕێگا نوێیەكان لەسەر نەخشەكە دەست نیشان دەكرێت چونكە جی پی ئێس تەنها شوێن پیشان دەدات نازانێت ئەو شوێنە چی تێدایەو چۆنە بەڵام دەكرێت ڕوی ئاسۆیی تێدا دەست نیشان بكرێت

ئەگەر ئامێری تایبەت بە جی پی ئێس كە چەندین شێوەو ڕوبەری هەیە باس بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین چەندین ئامێر بە قەبارەی جیاواز و بە تایبەتمەندی جیاواز ئێستا بەردەستن تەنانەت هەندێكیان قەبارەیان نزیك دەبێتەوە لە سمارت فۆنێك و هەندێكیشیان كە خاوەنی توانای بەرزن قەبارەیان گەورەیەو كەسێك خۆی تەرخان دەكات بۆ هەڵگرتن و گەڕان بە ڕوبەرەكەدا هەتا شوێنە جوگرافیەكە دەست نیشان دەكات ، لە ناو ئامێرەكەشدا كە سكرینێك هەیە بەشێوەی هێڵ ڕوبەرەكان لەیەك جیا دەكاتەوە ، هەندێك جار لە ناو ئەم ئامێرانەدا نەخشەیەك جێگیر دەكرێت كە بۆ جارەكانی داهاتوو پشت بەو نەخشەیە دەبەسرێت لە دەست نیشانكردنی ڕوبەرەكەدا ، یاخود دەتوانرێت ڕاستەوخۆ ئەو ڕوبەرانەی كە جیا دەكرێتەوە بەهۆی ئامێرەكەوە بخرێتە سەر نەخشەكە ئەم كارەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو فریكوێنسیەوە كە كار لەسەر دەست نیشانكردنی شوێنەكە دەكات كورتەی كارەكەی لە چوار خاڵدا باس دەكەم :

یەكەم : ڕێگا خۆشكردن بۆ زانینی ئاراستەی گەشتەكانی ئاسمان و زەوی و دەریاكان ( كەشتی و فرۆكە و ئۆتۆمبیل )

دووەم : بەكارهێنانی كەسی لە گەڕان بە پێ و لە ڕوبەرە جیاوازەكانی وەك دەشت و چیاو دارستان و تەنانەت پاركەكانیشدا .

سێیەم : رێگا پیشاندانی شۆفێرێك بۆ گەشتن بەخاڵێكی دیاری كراو كە لەسەر نەخشەكە دەست نیشانی كردوە (تەكسی درایڤەرەكان لە ولاتە پیشكەوتوەكاندا پست بەم تەكنیكە دەبەستن لە شوێن پیشاندان و دۆزینەوەی ناوچەیەكی دیاریكراودا).

چوارەم : چاودێریكردنی ڕوبەرە وشكاوەكیەكانی و زەوی و ئاگاداربوون لە جوڵەی قاڕەكان نزیك بونەوە یان دور كەوتنەوە لەیەكتری .

هەندێك كەس تا ئێستاش پی ی وایە خزمەتگوزاری جی پی ئێس هاوشێوەی هەندێك خزمەتگوزاری ترە بۆ نمونە وەك جی پی ئاڕ ئێس ! بۆیە لیرەدا دەڵێم لە ڕاستیدا زۆر جیاوازن لە یەك و هیچیان كاری ئەوی تریان بەری ناكات بەڵكو هەر یەكەیان بەمەبەستێك كاردەكەن و توانای خۆیان لە بوارێكی دیاریكراودا بەگەڕ دەخەن هەربۆیە لێرەدا پێم باش بوو كە بە كورتی و بە چەند خاڵێك جیاوازی نێوان (GPS) و (GPRS) باس بكەم هەتا ڕون بێت كە كاری ئەم دووانە چیە ؟

1- لە خزمەتگوزاری (GPS) دا ئێمە شوێن دەست نیشان دەكەین  و پشت دەبەستین بە تەكنیكێك كە لەئاسمانەوە بەهۆی مانگە دەستكردەكانەوە دابین كراوە ، بەڵام لە (GPRS) ئێمە مامەڵە لەگەڵ داتا و زانیاری دیجیتاڵیدا دەكەین وهەر لە زەویەوە تۆرەكەمان پیدەگات .

2- لە خزمەتگوزاری (GPS) شوێنی خۆمان دەست نیشان دەكەین لەگەڵ ڕوبەری دەوروبەرمان و یان لەهەندێك باری بەكارهێناندا شوێنێكی پێ دەدۆزینەوە ، بەڵام لە (GPRS) دا ئێمە مامەڵە لەگەڵ خزمەتگوزاریەكانی ئینتەرنێتدا دەكەین وەك بەكارهێنانی پراوسەرەكان و ئامرازەكانی ئیمێڵ و بەرهەمە ماڵتی میدیاییەكان ... هتد .

3- تەكنەلۆژیای (GPS) بۆ جێ بەجێكردنی كارەكەی پشت بە ژمارەیەك مانگی دەستكرد دەبەستێت كە پێكەوە گرێدراون لە شیوەی تۆڕیكدا بە دەوری زەویدا دەجوڵێن ، بەڵام لە تەكنەلۆژیای (GPRS) تەنها بەیەك خاڵەوە پەیوەستین كە هێڵێكی ئۆنلاینە و لە ڕێگای (ISP) وەرمان گرتوەكە لەوانەیە تەنها بورجێكی گەیاندن بێت لە بەرزاییەكدا .

4- لە خزمەتگوزاری (GPS) دا بۆ دەست نیشانكردنی هەر ڕوبەرێك پێویستمان بە سێ سەرچاوە هەیە واتا سێ خاڵ كە لە ڕێگای مانگە دەستكردەكانەوە بۆمان دەست نیشان دەكرێت هیچ سنورێك نیە لە كارەكەیدا هەموو شوێنێك لەسەر زەوی ئەم تەكینیكەی تێدا كارایە ، بەڵام لە (GPRS) تەنها ڕوبەڕێك دەگرێتەوەو بە پی ی توانای ئەو كۆمپانیایەی هێڵەكەی دابین كردوە دەتوانین كاری تێدا بكەین و هەندێك جار لە شارێك تێناپەڕێت روبەری كارەكەی .

بۆچوونه‌كان (9)add
...
لە لایەن ( hawar , ) وه‌ نێرراوه‌
سلاو برای بەرێزم دەستان خۆشبێت بابەتەکانتان زۆر جوانن بەس داواکارییەکم هەییە دەتوانن راپۆرتەکانتان بکەن بە pdf زۆر سوپاستان دەکەم......
...
لە لایەن ( هۆشمەند , ) وه‌ نێرراوه‌
برای ئازیزم لە گۆشەی چەپی سەرەوەی بابەتەکەوە ، سێ ئایکۆنی بچوک هەیە هەر یەکێکیان کارێک دەکات دووەم دانە واتا ئەوەی ناوەڕاستیان بۆ ئەوەیە راستەوخۆ بیکەیت بە pdf ، تاقی بکەوە بزانە چۆنە ، بەهیوای سەرکەوتن .
...
لە لایەن ( کامەران , ) وه‌ نێرراوه‌
سڵاو بەڕێز
چۆن ئەم بابەتە بە ۆرد. یان pdf. دابەزێنم
...
لە لایەن ( هۆشمەند , ) وه‌ نێرراوه‌
کاکە گیان ئەوە دووەم جارە وەڵام دەنێرم لەسەر ئەم بابەتە
سێ ئایکۆن لە بەشی چەپی بابەتەکەوە هەیە یەکەم دانەیان لای ڕاستەوە بۆ ئەوەیە ڕاستەوخۆ بیکات بە پی دی ئێف ، بۆ مەسەلەی وۆردەکەش تەنها تێکستەکە ببە لە نەو بەرنامەی وۆرد دایبنێرەوە دەبێت بە فایلێکی ورد ، بەهیوای سەرکەوتن ، ئەگەر پێت نەکرا وەڵام بنێرەوە بۆت دەنێرم بە ئیمێڵ .
...
لە لایەن ( کامەران , ) وه‌ نێرراوه‌
برام کلیک لەو ئایکۆنە ئەکەم نایکات ئەگەر بە pdf بۆم بنێری مەمنونم......
...
لە لایەن ( کامەران , ) وه‌ نێرراوه‌
ئەم ڕاپۆرتەشم. بۆ بنێرە. دەستخۆش http://www.l4kurd.com/informat...generation
...
لە لایەن ( هۆشمەند , ) وه‌ نێرراوه‌
ناردم بۆ ئیەیڵەکەت ، بەدوو فۆڕماتی جیاواز (وۆرد و پی دی ئێف ) . بەهیوای سوود
...
لە لایەن ( سلامي , ) وه‌ نێرراوه‌
دەستت خۆش بێت بۆ ئەو رونکردنەوە بە سودە
ئەگەر بکرێتب بنوسیت لەسەر ئەم بابەتەش چاکە (gps vehicle tracker)
ئەم دەزگایە لە هەرێمی کوردستان زۆر ناسراو نیە >> وە لە بازارە جیهانیەکانی وەک ئەمەزۆن و ئی بەی ناتوانین داوای بکەین؛ چونکە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات بەو دەزگایە بێتە کوردستان ... بەڵام لە شاری سنەو مەریوان دەفرۆشرێت ئاساییە من بۆ خۆشم دانەیەکم کریوە لە شاری مەریوان.
...
لە لایەن ( هۆشمەند , ) وه‌ نێرراوه‌
بەڕێزەکەم
دڵنیات دەکەم لەم هەرێمی کوردستانەدا و بە تایبەتی لە سلێمانیدا کە خۆم تێیدا نیشتەجێم هەرجۆرە ئامێرێك کە بتەوێت دەتوانیت بە دەستی بهێنیت و تا ئێستا نەم بیستوە کە جۆرێك لە ئامێرێك قەدەغەکرابێت ! بەڵام وەك دەزانیت ئەم زانستە بە نسبەت خەڵکی خۆمانەوە شتێکی نامۆییە زۆرکەس لێ ی ئاگادارنین ، منیش لێرەدا بەگشتی باسی جی پی ئێسم کردوە هەتا هەرکەسێک دەیخوێنێتەوە فیکرەیەکی گشتی لا دروستبێت و بزانیت ئەم تەکنیکە چیەو بۆچی بەکاردێت .
دەستت خۆش بۆ زانیاریکەت بەڵام لینکەکانم لابرد کە ناردبویت لەگەڵیدا، چونکە پێم باش نیە لێرەوە ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەکی دەرەکی بدەم .
بۆچوونێك زیاد بكه‌
quote
bold
italicize
underline
strike
url
image
quote
quote
smile
wink
laugh
grin
angry
sad
shocked
cool
tongue
kiss
cry
بچوككردنه‌وه‌ی | گه‌وره‌كردنی ڕوبه‌ری نووسین

busy
 

Internet Explorer 6 (IE6). ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەری

تکایە ئاگاداربە ئەم ڕوکارە بە تەواوی پاڵپشتی پراوسەرەکەت ناکات هەوڵ بدە بە پراوسەرێکی تر کار بکەیت یاخود ڤێرژنی پراوسەرەکە بەرز بکەوە بۆ بەرزتر لە ڤێرژنی نۆ

تەنها چارەسەر نوێکردنەوەی پراوسەرەکەتە ئەم پراوسەرە لەوانەی بەشێك لە ماڵپەڕەکەت پیشان بدات یاخود هەندێك لە ناوەڕۆکەکەی ببینیت بەڵام ئەمە تەواوی تایبەتمەندێتی ڕوکارەکە نیە

پێم باشە سەردانی ئەم لینکە بکەیت بەمەبەستی نوێکردنەوەی پراوسەرەکەت Internet Explorer.