مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کۆمپیوتەر‎ ‎و نەوەکانی
نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح   
سێ شەممە ، 23 / 08 / 2016 13:00
 

کۆمپیوتەر ئەو ئامێرەی کە مرۆڤ دروستی کردوەو بەشێك لە ئەرکە هەرە قورس و گرانەکانی خۆیی ‏سپاردوە پێ ی سەرەتای دروستکردن و سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدی نۆزدە ئەگەر چی لێرەو لەوێ ‏باس دەکرێت کە یەکەم ئامێری ژمێریاری لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا بەڵام وەك ‏زنجیرەیەکی لێك دانەبڕاو و پەیوەست بەیەکەوە شتێك کە بەڕاستی سەرەتایەکی مێژووی بۆدابنێین ئەوا ‏ئەوەیە کە کۆمپیوتەر لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزەدەدا بنیات نرا و ئەم کۆمپیوتەرانەی کە ئێستا لە ‏بەردەستی ئێمەدان نەوەی ئەو کاتەیە و قۆناغ بە قۆناغ پێش خراوە .‏

ئەگەرچی دروست بوونی کۆمپیوتەر لە توانای تەنها کەسێکدا نەبووە و زۆربەی شارەزایان بڕوایان وایە ‏کاری کۆمەڵە کەسە بەڵام دەبێت یەك کەس هەبێت کە سەرەتا بیرۆکەکەی لای گەڵاڵە بوبێت ئەو کەسەش ‏کە لێرەدا باسی دەکەین ناوی (‏Charles Babbage‏) زانا و پرۆفیسۆر و ماتماتیکزان و ئەندازیاری میکانیکی ‏گەورەی بەریتانیە کە لە ساڵی (‏‎1791 ‎‏) لە دایک بووە لە لەندەن و لە ساڵی (‏‎1871 ‎‏) کۆچی دوایی کردوە و‏ ئێستا بە باوکی کۆمپیوتەر ناودەبرێت بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئامێرێکی دروست کرد ‏کە ناوی نا (Difference engine) و کردارە ژمێریاریەکانی وەک کۆکردنەوە و لێ دەرکردنی زۆر بە باشی ئەنجام دەدا و بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر ئاڵۆزە و بیرۆکەکەی لە لایەن ئەم زاناوە ‏داڕێژراوەو جێبەجێشی کرد لە کاتی خۆیدا ئەگەر چی کەم و کوڕیشی زۆر بوو ، هۆکاری ئەوەی کەبۆچی ‏ئامێرەکەی ئەم زانایە بەیەکەم نەوەی کۆمپیوتەر دادەنرێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یەکەم کەس بوو کە بیر ‏لەوە بکاتەوە ئامێرێك پرۆگرام ڕێژ بکات و ئامێرەکە بەهۆی ئەو فرمانەوە کە لەو کاتەدا پێ ی دەدرێت ‏کارەکە ڕاپەڕێنێت ،  لە ساڵی ‏‎(‎‏1991) دا ئەم ئامێرە و چەند پێكهاتەیەکی تریش کە ئەم زانایە بە تەواو ‏نەکراوی لە پاش خۆی بەجێ ی هێشتوە لە مۆزەخانەی زانستی  لە لەندەن نمیاش کرا .‏

بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە چەندین زانای گەورەی ئەو سەردەمە داهێنان و بەرهەمی جۆراوجۆریان پیشکەش کردو چەندین ئامێری ژمێریاری جیاواز بە قەبارەو توانای جیاواز بەرهەم هێنران بەتایبەتی ئامێرەکانی کۆمپانیای (IBM) کە لەو کاتەدا بەتواناترین کۆمپانیا بوو بۆ بەرهەم هێنانی ئامێرە ژمێریاریەکان ، تا ساڵی (1955) کە بە کۆتایی نەوەی یەکەمی کۆمپیوتەر دادەنرێت کە تێیدا کۆمپیوتەرەکان ئێجگار قەبارە گەورە بوون و توانای جێبەجێکاری کرداری بیرکاری سادەیان هەبوو وەک کۆکردنەوەو لێ دەرکردن و هەندیك کاری تر و تاوانای پاراستنی داتاش تێیاندا ئێجگار کەم بووە و قەبارەی ئەو پێکهاتانەی کە بۆ پاراستنی داتاکان بەکاردەهێنرێن ئێجگار گەورە بوو هەر بۆیە دەبوایەژمارەیەکی زۆر لەو پێکهاتانە لەیەک بدرێن کە ووزەیەکی زۆریشیان دەویست و قەبارەیەکی کەمیشیان تێدا جێ دەبویەوە , ئەو کۆمپیوتەرانەی کەلەم سەردەمەدا بنیات نراون تەنها لە یەک بواردا کەڵکیان لێ وەردەگیرا چونکە خۆی لە بنەڕەتدا هەر بۆ تەنها ئەو مەبەستە دروست کرابوون تەنها زانکۆی (کامریچ) نەبێت کە بیرۆکەی باینەری بەکارهێنا لە بەرهەمەکەیدا ئەگەرنا ئەوانی تر هەر مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ژمارەی (Decimal) کە دە ژمارەییە .

بە پێ ی پیوەڕێکی جیهانی سەرهەڵدانی کۆمپیوتەر بەسەر چەند نەوەیەکدا دابەشکراوە ئەوەش لەسەر بنەمای سەردەم نا بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو هیڵە گشتیانەی کە تییدا تایبەتمەندی کۆمپیوتەرەکە گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینوە لێرەدا پێم باشوو کۆمپیوتەرەکانی نەوەی یەکەم بناسێنم و داهێنەرەکانیان و شوێنی بەرهەم هێنانەکەی باس بکەم کە ئەوەی ئێستا ئێمە کاری لەسەر دەکەین نەوەی ئەو کۆمپیوتەرانەیە کە لێرەدا ناویان دەهێنم کە لە نەوەکانی ئایندەدا هەر ئەم کۆمپانیا و دامەزراوانە بوون کە کۆمپیوتەریان بەرهەم دەهێنا و تایبەتمەندیەکانیان وردە وردە پێش خستوە و لە ژێر چەندین ناوی نوێدا بڵاویان دەکردوە :


# لە زانکۆی (Iowa) :


لە ساڵی (1937) لە زانکۆی (ئایوا) لە ئەمریکا زانای فیزیایی (John Vincent Atanasoff) وەك پرۆژەیەکی ئەلیکترۆنی بە پاڵپشتی ئەو دامەزراوەیە یەکەم جۆری کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی بەناوی (Atanasoff–Berry computer) بنیات نا و لە زانکۆکەدا جێگیری کرد کە دەی توانی لە یەک کاتتدا (26) کرداری بیرکاری بە ئەنجام بگەیەنێت ، سەرەڕای ئەوەی بە هیچ جۆرێك یەکەی پرۆسێسەری سەرەکی تێدا نەبوو بەڵام پێكهاتەی ئەمێرەکە بە تەواوی ئەلیتکترۆنی بوو هەر بۆیە بە قەبارەیەکی بچوک و بەکارهێنانی کاپاسیتەر بۆ تۆماری کاتی توانیبوی داهێنانی ئەلیکترۆنی ناوازەی قەبارە مام ناوەند بنیات بنێت .

 

# لە زانکۆی (Pennsylvania) :


هەردوو زانای فیزیایی (J. Presper Eckert) و ( John Mauchly) کە لە زانکۆی (Iowa) بوون کاتێك ئەو کۆمپیوتەرە ئەلیکترۆنیەیان بینی کەلەوێدا جێگیرکرابوو بیرۆکەی دروست کردنی کۆمپیوتەرێکیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە لە زانکۆی پێنسلڤانیا کە ئەویش بریتی بوو لە کۆمپیوتەری (ENIAC) کە کورتکراوەویەک بوو بۆ (Electronic Numerical Integrator And Computer) و لە ساڵی 1946 دا تەواو کرا و پرۆژەکە جگە لەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست هێنا بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ئەو کۆمپیوتەرە وەک پرۆژەیەکی نهێنی بەکاری هێنا بەرچاو نەبوو ، بەڵام دواتر هەردوو زاناکە بڕیار دەدەن کە کۆمپانیایەک دابمەزرێنن بۆ ئیشەکانیان و لە کۆتایی ساڵی (1947)دا کۆمپانیایەک بە ناوی (Electronic Control Company) بنیات دەنێن و  و بە ئاستێکی باڵاتر کۆمپیوتەرێکی تریان بەرهەم هێنا بە ناوی (UNIVAC I) وە دواتریش دوو دانەی تری لێ بەرهەم هێنرا بە ناوەکانی (UNIVAC II) و (UNIVAC III) وە . ئەم کۆمپیوتەرەش یەکەمین بەرهەم بوو کە بۆ فرۆشتن بنیات نرا ، دواتر لە ناوی کۆمپانیاکە دەگۆڕن و ساڵی1950 کۆمپانیاکە دەفرۆشن و ئێستاش ئەو کۆمپانیایە لە ژێر ناوی (Unisys) دا هەر لە بواری ئای تیدا کار دەکات .

 

# لە زانکۆی (Harvard) :

 

لە ساڵی 1944 دا لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا زانای بواری فیزیا (Howard Aiken) دیزاینی جۆرێکی نوێ ی کۆمپیوتەری کرد کە تەواوی بیرۆکەی کارەکەی لە زانا (Charles Babbage) وەرگرتبوو بە یارمەتی خوێندکارە زیرەکەکانی زانکۆی هارڤارد و بە پاڵپشتی و پشتیوانی ئەندازیارانی کۆمپانیای (IBM) توانیان یەکەم کۆمپیوتەر بەرهەم بهێنن بە ناوی Automatic Sequence Controlled Calculator) کە دواتریش ناوەکەیان گۆڕی بە ( Harvard Mark I) سێ دەرچووی دواتری لێ بەرهەم هێنرا دواتر وەك (Harvard Mark II) لە ساڵی 1947 داو (Harvard Mark III) لە ساڵی 1949 داو (Harvard Mark IV) لە ساڵی 1952 دا ، ئەم کۆمپیوتەرانە هەریەکێکیان هەڵگری چەند تایبەتمەندین کەلەوەی پیش خۆیاندا بوونی نەبووە و وردە وردە پێکهاتەکان بەرەو ئەلیکترۆنی دەچوون لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکاریەشدا هێشتا هەر پێ ی ناوترێت کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی ، قەبارەی ئەو پێکهاتانەی کە لەم کۆمپیوتەرەدا بەکاردەهات گەورە بوو ڕوبەرێکی فراوانیشی دەویست بۆ دامەزراندنی تەنها کۆمپیوتەرێك ، سەرەڕای بەهەدەردانی وزەیەکی زۆر لەلایەن پێکهاتە میکانیکیەکانی کۆمپیوتەرەکەوە .

 

# لە زانکۆی (Cambridge) :


لە ساڵی (1946) دا زانای گەورەی سەدەی نوێ و ماتماتیكزانی بەڕەگەز هەنگاری (John von Neumann) بیرۆکەیەکی داڕشت بۆ بەکارهێنانی سیستەم باینەری لە کۆمپیوتەردا و بیرۆکەکەشی لە زانکۆی کامریچ  خرایە بواری جێبەجێکردنەوەو کۆمپیوتەرێکیان لەسەر ئەو بنەمایە بنیات نا لە ساڵی (1949) دا ئەوەش بە ناوی (EDSAC) کە کورتکراوەیەک بوو بۆ (Electronic delay storage automatic calculator) لەم داهێنانەدا تاڕادەیەک پێشکەوتنی تێدا بەدەست هاتبوو لەو ڕوەوە کە بیرگەی پاراستنی کاتی بۆ ئەنجامە ژمێریاریەکان دانابوو بەشێوەیەک بوو کە تا کۆتاهاتنی ئەنجامەکان بەزنجیرە ئەنجامەکان تۆمار دەکرا و لەگەڵ ئەوەی پاش خۆیدا دەکرا لێك بدرێتەوە یان کۆبکرێتەوە یان لێ ی دەربکرێت ، هەر لەم کۆمپیوتەرەشدا بوو بۆ یەکەم جار بەکارهێنانی سیستەمی باینەری بەگەڕخرا کە ئێستاش کۆمپیوتەر لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت .

 

# لە زانکۆی (Victoria) دا :


لە ساڵی (1948) لە زانکۆی ڤیکتۆریا کە ئێستا بە زانکۆی مانچیستەر بەناوبانگە هەر دەشکەوێتە شاری مانچیستر لە بەریتانیا کۆمپیوتەرێك بە ناوی (SSEM) کە کورتکراوەی ( Manchester Small-Scale Experimental Machine) بوو بەرهەم هێنرا لە لایەن هەردوو زانا (Frederic C. Williams) و (Tom Kilburn) کە بە یەکەم کۆمپیوتەر دادەنرێت لە جیهاندا توانای پاراستنی بەرنامەی هەبوو بیرگەی ئەم کۆمپیوتەرە بریتیبوو لە (Williams tube) کە پێکهاتوێکی شێوە تیوبەو داتای بەشێوەی باینەری تێدا تۆماردەکرا ، ئەم کارەش وەک ئەوەی ئێستایە کە تۆ بەرنامەیەک دادەمەزرێنیت یەک جار و ئیتر هەر کاتێك بتەوێت دەتوانیت کاری پێ بکەیتەوە بێ ئەوەی پێویست بە دووبارە دامەزراندنەوە بکات ، ئەم بیرۆکەیە لەم کارەی ئەم زانکۆوە پەیدا بوو هەر بۆیەبە یەکەم کۆمپیوتەر دادەنرێت کە ئەو بیرۆکەی تێیدا جێگیرکرابێت .

لە نەوەکانی کۆمپیوتەردا  چەندین بیرۆکەی نوێ ی و ئامرازی تایبەت بەکارهاتوون هەتا باشترین هۆکار بدۆزنەوە بۆ مەڵەکردن لەگەڵ داتا و زانیاریدا بەڵام هەموو زانایان لەوەدا کۆک بوون کە خێرایی لە جێبەجێکردن و توانای پاراستن و بچووکی لەقەبارەدا و ئاسانی لە بەکارهێناندا و بەهەدەردانی کەمترین ووزە بۆ بەگەڕخستنی لە تایبەتمەندیە هەرە لە پێشەکان بوون هەربۆیە نەوە بە نەوە کە کۆمپیوتەر بنیات دەنرا کار دەکرا لەسەر ئەم هێڵە گشتیانەو لەهەر نەوەیەکدا یەک یان زیاتر لەم تایبەتمەندیانە خراوەتە قۆناغێکی نوێوە ، لە ڕوی زانستیەوە چەندین پێوەر دانراون بۆ ماوەی کاتی مانەوەی هەر نەوەیەک بەڵام بەگشتی من باشترین پێوەرم لێرەدا هەڵبژرادوە کە تا ئێستا شەش نەوە لە کۆمپیوتەرە بەرهەم هێنراوەو ماوەی مانەوەشیم بە پی ی بنیات نانی پێكهاتەکان دەست نیشان کردوە کە هەر قۆناغێك بە نزیکەیی هەر هەمان کەرەستەیان بەکارهێناوە بۆ بنیات نانی کۆمپیوتەر .


* نەوەی یەکەم (1945 بۆ 1955) :


ئەم ماوەیە کە دەست نیشانکراوە بۆ یەکەم نەوە لە کۆمپیوتەر سەردەمێکی تەواو میکانیکیەو زۆربەی پێكهاتەی ئەو کۆمپیوتەرانەی لەم ماوەدا دروست کراون لە یەکەی بزۆکی میکانیکی پێكهاتبوون ، کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیە قەبارەیەکی گەورەیان هەبوو بە جۆرێک لە توانای تەنها دامەزراوە گەورەکاندا بوو کە بتوانن یەکێك لەم کۆمپیوتەرانە بەرهەم بهێنن یاخود بەکار بهێنن ، کارکردن لەسەر کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیە زۆر گرانە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ببنە بەکارهێنەری چونکە مامەڵەی ڕاستەوخۆی مرۆڤە لەگەڵ ئامێرێکدا کە تەنها لە ڕێگای سفر و یەکەوە دەتوانرێت پێ ی بوترێت کە چیم دەوێت و دەبێت چی بکەیت واتا زمانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا زمانی ئامێرە (Machine Language) ، ئەم کارە لە یەکەم نەوەی کۆمپیوتەردا بەهۆی سویچی میکانیکیەوە بە ئەنجام دەگەیەنراو بۆ بنیات نانی بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ  فرمانێکی دیاری کراو دەبوایە کەسێک کە پرۆگرامەرێکە دەست بکات بە ئاڵوگۆڕکردنی دەیان سویچ کە نرخەکانی فرمانەکەی پێ داخڵ دەکات و ئامێرەکەش بەهۆکارێکی میکانیکی دەرئەنجامی کارەکەی بەو پەڕی خێراییەوە دەدا بەدەستەوە ، بۆکاری (سویچین) پێکهاتەیەک بەکارهێنراوە پێ ی دەوترا (Vacuum tube) کە لە نەوەی دواتردا گۆڕا بۆ ترانزستەر و یەکەی تۆمارکردنی کاتی لەم نەوەیەدا ئێجگار لاوازە و پێکهاتەی موگناتیسی (Magnetic Drum)  بەکارهێنراوە بۆ پاراستنی برێکی کەم لە داتا کە لە نەوەی داهاتووی کۆمپیوتەردا هارد دیسک شوێنی گرتەوە ،کۆمپیوتەری (TRADIC) کە لە ساڵی (1954) دا وە کۆمپیوتەری (Harwell CADET) لە ساڵی (1955) دا کە لە بەریتانیا بەرهەم هێنران و بەتەواوی کەڵک لە ترانزستەر وەرگیرابوو بۆ بنیات نانی کۆتایی بەم نەوەیە هێناو هەنگاوی داهاتوو لە نەوەی دووەم دا بنیاتنرا کە بە ئەلیکترۆنیکردن دەستی پێکرد ئەو کۆمپیوتەرانەی کە لەم سەردەمەدا بەرهەم هێنران تەنها کەسانی بلیمەت و شارەزا دەیان توانی ‏بەگەڕی بخەن . ‏

 

* نەوەی دووەم (1955 بۆ 1965) :

 

نەوەی دووەمی کۆمپیوتەر نەوەی بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان بوو ئەم ماوەیە پێشکەوتنێکی ئێجگار باش لە بواری بەرهەمی ئەلیکترۆنی دا بەدەست هات و ئەو کێشە گەورەیەی کە لە نەوەی یەکەمدا هەبوو سەبارەت بە پێكهاتە میکانیکیەکان و قەبارەیان لەم نەوەیەدا تارادەیەکی باش چارەسەر کرا ئەوەش بەهۆی دروستکردنی پێکهاتەی (ترانزستەر)ەوە بوو کە کاری سویچینی تێدا بە ئەنجام دەگەیەنرا و پێکهاتەی (‏Transistors‏)  قەبارەکەی هێندەی ‏نینۆکێك بوو توانای پاراستنی یەک بتی هەبوو . ‏ سەرباری ئەوەی کە وزەیەکی زۆر کەمیش پێویست بوو بۆ جێبەجێکردنی کارەکەی کە سویچین بوو  ، ئەمەش باشیرین هۆکار بوو کە قەبارەی کۆمپیوتەری بە تەواوی پێ بچوک کرایەوە خێراتر بوو لە ڕپەڕاندنی کاردا و تێچووی دروستکردنی کۆمپیوتەرش کەم بویەوە ، یەکەی پاراستن لەم نەوەیەدا هارددیسک بوو کە کۆمپانیای (IBM) توانیبووی لە ساڵی (1956) دا بەرهەمی بهێنێت ، هەروەها پێکهاتەی (Core Memory) کە ئێستا پێ ی دەوترێت ڕام هاوکات لەم نەوەیەدا بنیات نرا بۆ پاراستنی کاتی داتا ، زمانی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیەدا زمانی هێمایە (Assembly Language) کە بەراورد بە زمانی ئامێر ئاسانترە و مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی فێری ببێت ، لە ڕێگای هێمای تایبەتەوە کە بۆ فرمانەکان دانراوە کۆمپیوتەرەکە بەرنامە ڕێژ دەکرێت و دەرئەنجامی کاریش لە کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیەدا پرێنت کردن بوو لەسەر کارتێک و دامەزراوە مام ناوەندیەکانیش دەیانتوانی ببن بەخاوەنی ئەم جۆرە کۆمپیوتەرانە و ئەو کەسانە دەیان توانی کار لەسەر کۆمپیوتەرانە بکەن کە توانای پرۆگرام نووسینیان هەبوو یاخود کەسانێك ‏بوون کە فێرکرابوون چۆن بەورنامە بنووسن .

 

* نەوەی سێیەم (1965 بۆ 1975) :


نەوەی سێیەمی کۆمپیوتەر بە دروستکردنی (IC) کە کورتکراوەی (Integrated Circuit) دەست پێدەکات ئەویش پاش ئەوەی چەند ترانزستەرێك پێکەوە دەبەسران ئەم یەکەیەکان پێك دەهێنا کە بەگرنگترین گۆڕانکاری دادەنرێت بۆ بەرەو پێشبردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی پێكهاتەی کۆمپیوتەر ، لەم نەوەیەدا کۆمپیوتەر تایبەتمەندێتی زیاتری وەرگرت و یەکەی ئینپوت وەك ماوس و کیبۆرد زیاد کرا و بۆ یەکەم جار مۆنیتەر بۆ نیشاندانی ئەنجامی کارەکان بە کۆمپیوتەرەوە پەیوەست کرا ، زمانی پرۆگرام داڕێژی وەک فۆرتران و کۆباڵ دەرچووە سەرەتاییەکانیان بڵاوکردوە بۆ بەرهەم هێنانی بەرنامە و سیستەم کە لەو کاتەدا توانای بەگەڕخستنی سیسیتەم بەخشرابوو بە کۆمپیوتەرەکان و توانای دامەزراندنی بەرنامە و بەکارهێنانی چەند بەرنامەیەک لەیەک کات و ساتتدا یەکێ تر بوو لەو پێشکەوتنانەی لەم نەوەیەدا بەدەست هاتبوون ، بەهۆی بچوکی قەبارەی کۆمپیوتەرە و ئاسانی لە بەکارهێنانیدا لەم نەوەیەدا بۆ یەکەم ناوەندە بچوکەکانیش دەیانتوانی ببن بە خاوەنی کۆمپیوتەری خۆیان و کارکردن لەسەر کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیە ئاسان بوو هەموو کەسێک ئەگەر ویستی لێ ی هەبوایە ئەوا دەیتوانی ببێتە ‏بەکارهێنەری و هەر لەم نەوەیەشدا پێکهاتەی (‏chips‏) بنیات نرا کە پاش ساڵی (‏‎1970‎‏) بوو توانای پاراستنی داتای بۆ ملیۆنێك بت بەرزکرایەوە لە تەنها چیپێکدا ‏، قەبارەکەشی هێندەی سەرە نینوکێک بوو کە ئێستا بوونی هەیە لە زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکاندا و پێكهاتە بنەڕەتەکی گەیتەکانە کە ترانزستەری لێ پێكهێنراوەو و دواتریش پاش لەیەک بەستنیان ئایسیەکانی لێ پێكهاتوە و بە لەیەک بەستنی ئای سیەکانیش ئەم چیپە هاتوەتە بەرهەم .

 

* نەوەی چوارەم (1975 بۆ 1989) :

 

دروستکردنی مایکرۆ پرۆسێسەر گرنگترین هۆکار بوو بۆ بازدانی کۆمپیوتەر لە نەوەی سێیەمەوە بۆ چوارەم ، لەم نەوەی کۆمپیوتەردا توانرا بەهۆی لەیەکدانی دەیان و سەدان ترانزستەرەوە پێكهاتەیەک بەرهەم بهێنن کە ئێستا ناودەبرێت بە عەقڵی کۆمپیوتەر کە هەموو کردارەکان کۆمپیوتەرەکەی لێوە کۆنترۆڵ دەکرا بە توانایەکی سەرسوڕهێنەر و خێراییەکی لە ڕادە بەدەر ، کۆمپیوتەر لەم نەوەدا بە تەواوی بچوک کرایەوە نرخ و بڕی تێچونیشی ئێجگار کەم بوو بۆجۆرێك هەموو کەسێك دەیتوانی ببێت بە خاوەنی کۆمپیوتەری خۆی بە تایبەتی پاش ساڵی (1981) کە کۆمپانیای (IBM) بەرهەمە نوێیکەی خستە بازاڕەوە کە تایبەت بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی بوو ، هاوزەمانیش کۆمپانیای ئەپڵیش کۆمپیوتەری کەسی و کۆمپیوتەری جانتایی بەرهەم هێنا سەرباری بەرهەم هێنانی جۆرێکی نوێ لە مایکرۆپرۆسێسەر ، لە نەوەی چوارەمی کۆمپیوتەردا ڕوکاری وێنەیی بایەخێکی ئێجگار زۆری پێدرا و پێکهاتەی ماوس و کیبۆردیش بوون بە دوو یەکەی سەرەکی لە کۆمپیوتەرەکەدا زمانی پرۆگرام سازی بەتەواوی گەشەی سەند و بوون بە جێگای بایەخ لە لایەن بەکارهێنەرانەوە ئەو کاتە هەر یەکە لە زمانەکانی (C, C++, C#, Java, BASIC,Pascal) بوونە بزوێنەری هاردوێری کۆمپیوتەر ، سەرباری پێشخستنی مۆنیتەر بەجۆرێك لەگەڵ تەواوی تایبەتمەندی کۆمپیوتەرە نوێیەکەدا بگونجێت  .

 

* نەوەی پێنجەم (1989 بۆ ئێستا) :

 

نەوەی پینجەمی کۆمپیوتەر زانا ژاپۆنیەکان یاریدەدەرێکی ئێجگار باش بوون بۆ سەرهەڵدانی ئەم نەوەیە ، بەوەی کە پێشنیاری ئەوەیان دەکرد بۆ کۆمپیوتەر کە هاوشێوەی مرۆڤی لێ بکرێت و ڕاستەوخۆ بەهۆی زمانی پرۆگرام ڕێژیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت هەر وەک چۆن دووکەس مامەڵە لەگەڵ یەک تر دەکەن ، هەربۆیە کۆمپیوتەری ئەم نەوەیە ڕاستەوخۆ وەڵامی داواکاریەکانی بەکارهێنەری سەرەتایی دەدایەوە بەوەی کە ئێجگار زیرەک بوو وە ئاسان بوو لە بەکارهێنان و لە نرخدا تەواو گونجاو بوو ، لەلایەکی ترەوە خێرایی پرۆسێسەر بەجۆریك پێش خرابوو کەلە گەڵ سەردەمە نوییەکەدا بگونجێت و بە تایبەتی لە هەندێك جۆری

کۆمپیوتەردا دەکرا زیاد لە پرۆسێسەرێك بەکاربهێنرێت لە یەک کاتتدا ، توانای گرافیکی لەم نەوەیەدا گەورەترین گۆڕانکاریە کە بەسەر کۆمپیوتەردا هاتبێت لەم ساڵانەدا بە بەهۆی پاڵپشتی سیستەمە بەرهەم هێنراوەکان مۆنیتەری کۆمپیوتەر بوو بە پردێکی تەواوی نێوان بەکارهێنەرەکە و کۆمپیوتەرەکە ، ئەمانجی سەرەکەی لە بنیات نانی کۆمپیوتەرەکانی ئەم نەوەیە فێرکردن بوو بە تایبەتی بۆ تاك بە تاکی کۆمەڵگا سەرباری ئاسانکاری بۆ تەواوی دامەزراوەکان و کار ئاسانی کردن بۆیان بۆ تێپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە بەو پەڕی خێراییەوە چونکە کۆمپیوتەر لەم نەوەیەدا گشتگیر بوو بەهۆی دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەپەکان کۆمپیوتەر بەویستی هەر کەسیك دەتوانرا پرپگرام ڕێژبکرێت و کاری خۆی پێ بەڕێ بکات .

 

نەوەی نوێ ی کۆمپیوتەر :


ئێستا سەردەمێکی نوێیە بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان بەوجۆڕێک پێشکەوتوون کە هەندێك جار لە مرۆڤ باشتر کارەکان ڕادەپەڕێنن و بەتەواوی وردن لە کار کردندا و لە ئێستادا بەسەدان و هەزاران ئامێری کۆمپیوتەری دروست کراون کە تەنها کاریان چاودێریکردنی تەندروستی مرۆڤە و پێش ئەوەی هەست بە ئازار بکەین ئامێرە نوێیەکانی سەردەم دەتوانێت پێشبینی ئازارەکە بکات ، هەر بۆیە ئێستا ئەو نەوەیە کە بە کۆتا نەوەی بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان دەست نیشان کراوە لەبەر ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە ڕۆژانەش لە بوارەداکە دێتە پێشەوە ناتوانین بە تەواوی پێناسەیەک بۆ ئەو داهێنانە بکەین کە لە ئێستادا لە لوتکەی داهێناندان بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زمانی تێگەشتی کۆمپیوتەر و مرۆڤ بە تەواوی لەیەک نزیک کراوەتەوە بەجۆرێکە مرۆڤ دەتوانێت لەگەل ئامێرێکی ئەلیکترۆنیدا مامەڵە بکات هەر وەک چۆن لەگەڵ مرۆڤێکی تردایە ، بەگشتی ئامێرەکان قەبارەیان ئێجگار بچوککراوەتەوەو بە تەواوی کراون بە ئەلیکترۆنی و هیچ پێکهاتەیەکی میکانیکی لە ئامێرە نوێیەکاندا بوونی نیە ، بە پێ ی ئەو پێشبینیانە بێت کە زاناکان دەیکەن بۆ نەوەی نوێ ی کۆمپیوتەریش بە ڕێوەیە کە هەندێك جار وەک خەون دێتە بەرچاو بەڵام وەک دەزانین زانستی تەکنەلۆژیا سات بەسات لە پێشکەوتندایە و بە هیچ جۆریك ناوەستێنرێت هەر بۆیە ئەمڕۆ جیاوازی زۆری هەیە لە گەڵ داهێنانەکەی دوێنێدا و لەم ڕوانگەوە بێت هەموو شتێک شیاوی داهێنانە و هیچ شتێك بە ئەستەم دانانرێت لە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا .

 

سەرچاوەکان :

http://history-computer.com/
https://msu.edu/course/lbs/126/lectures/history.html
http://www.cs.kent.edu/~rothstei/10051/History.htm
http://www.computerhistory.org/timeline/computers
https://en.wikipedia.org/wiki/History_of_computing_hardware
http://homepage.cs.uri.edu/faculty/wolfe/book/Readings/Reading03.htm
http://www.slideshare.net/angelica_terrado/history-of-computer-16012832

تێبینی : ئەم لینکانە سەرجاوە سەرەکیەکان بوون بەلام لە راستیدا زۆر لەوە زیاترە بۆ نمونە تەنها بۆ دڵنیا بوون لە کاری (Vacuum tube) زیاتر لە 10 بابەتی جیاوازم خوێندوەتەوە هەر بۆیە لێرەدا تەنها ئاماژەم بەسەرجاوە سەرەکیەکان کردوە نەك هەموو سەرچاوەکان .

بۆچوونه‌كان (1)add
...
لە لایەن ( سه‌لاح زۆهرابی , ) وه‌ نێرراوه‌
سڵاو و رێز و حورمه‌ت. ماڵپه‌ڕیکی زۆر رێک و پێک تان هه‌یه و زۆر حه‌زیی لێ‌ئه‌که‌م.
هه‌ر به‌رده‌وام بن . به هیوایی کۆردستانی پڕ له زانیازی.

بۆچوونێك زیاد بكه‌
quote
bold
italicize
underline
strike
url
image
quote
quote
smile
wink
laugh
grin
angry
sad
shocked
cool
tongue
kiss
cry
بچوككردنه‌وه‌ی | گه‌وره‌كردنی ڕوبه‌ری نووسین

busy
 

Internet Explorer 6 (IE6). ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەری

تکایە ئاگاداربە ئەم ڕوکارە بە تەواوی پاڵپشتی پراوسەرەکەت ناکات هەوڵ بدە بە پراوسەرێکی تر کار بکەیت یاخود ڤێرژنی پراوسەرەکە بەرز بکەوە بۆ بەرزتر لە ڤێرژنی نۆ

تەنها چارەسەر نوێکردنەوەی پراوسەرەکەتە ئەم پراوسەرە لەوانەی بەشێك لە ماڵپەڕەکەت پیشان بدات یاخود هەندێك لە ناوەڕۆکەکەی ببینیت بەڵام ئەمە تەواوی تایبەتمەندێتی ڕوکارەکە نیە

پێم باشە سەردانی ئەم لینکە بکەیت بەمەبەستی نوێکردنەوەی پراوسەرەکەت Internet Explorer.